فراكسیۆنی یەكێتی: رۆژی چوارشەممەش سەرۆك كۆمار هەڵنابژێردرێت


بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت "رۆژی چوارشەمەش سیناریۆی رۆژی شەمە دووبارە دەبێتەوە و ناتوانرێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بۆیە دەبێت گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكان بكرێت".

كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كورستان لە پەرلەمانی عێراق (یەكشەممە  27-3-2022) بە میدیای فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاند، " ھەمان ئەو دۆخەی رۆژی شەممە لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕوویدا بۆ رۆژی چوارشەممەش دووبارە دەبێتەوە، تەنها پێویستە گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان لایەنەكان بكرێت، چونكە لە ئێستادا پرۆسەی سیاسی پەكی كەوتووە و بەپێی دەستوریش دەبوو زووتر پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكرایەتەوە، بەڵام تا ئێستاش دواخراوە و ھەوڵەكانیش بۆ ئەوەیە پرۆسەی سیاسی لە عیراق بخرێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی و ئەم دۆخە چارەسەر بكرێت."   

ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەوەی لە ئێستادا هەندێك لایەن دەیكات بۆ فشاركردن بۆ ئەوەی بەزۆر رێژەی یاسایی بۆ كۆبوونەوە تەواو بكات سەركەوتوو نابێت، پێم وایە تاكو رێككەوتن لە نێوان سەرجەم لایەنەكان نەكرێت رێژەی یاسایی بۆ دەنگدان بۆ یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار تەواو نابێت، بۆیە گومانمان نییە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەش بە دەردی دانیشتنەكەی رۆژی شەممە دەچێت."   

یاروەیس روونیكردەوە، تا 6ی نیسان ماوە دەستورییەكە ماوە بۆ تەواوبوونی 30 رۆژەكە، تا ئەو كاتەش دەرفەت لەبەردەم لایەنەكان هەیە بۆ رێككەوتن بۆ ئەوەی بۆشایی دەستوری دروست نەبێت. 





PM:08:21:27/03/2022