لێدوانی نوێی بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن


بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "وەك پارتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان یەكێتیە، ئێستا دەپرسم كێیە كە كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكات یان نایەوێ كۆبوونەوەكە بكرێت".

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە "پارتی ئامادەیە كۆمیسیۆن زیندوو بكاتەوە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت تاوەكو ئەم ھەڵبژاردنە دەكرێت و دواتر دەتوانرێت كۆمیسۆنێكی تر دابندرێت، كێشەكەش ئەوەیە لایەنەكانی تر دەڵێن نەخێر دەبێت یاساكە ھەموار بكرێتەوە، ئەوان كۆمەڵێك شەرت ئەدۆزنەوە كە مەفروزە ئەم شەرتانە پێش ١ ساڵ یان ٢ ساڵ پێشكەشی پەرلەمانیان بكردایە، نەك لەم ماوە كەمەی ماوە، ئێستا دەستبەرین بۆ ھەمواری یاساكە، كاتێكی زۆری دەوێت و ئەو كاتەش لەبەردەستدا نەماوە تاوەكو دەستكاری یاساكە بكەین، ئەو لایەنانەی نیازی دەستكاریكردنیان ھەبوو ھەر دەبوایە دوای ھەڵبژاردنەكانی ٢٠١٨ پڕۆژەیان پێشكەش بكردایە".

گۆران ئاماژەی بەوەكردووە "پارتی دژی ئەوە نیە دەستكاری یاساكان بكرێت، بەمەرجی باشتر بوون و ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵكییە ئەوە بكرێت، ئەو لایەنانەی ئەو بابەتە دەوروژێنن تەنھا بۆ ئەوەیانە ھەڵبژاردن نەكرێت".

ناوبراو وتویەتی "ئەم بابەتە ھیچ لە ئەستۆی پارتی نیە، بۆ بەرچاوڕوونی لایەنەكان، سەرۆكی ھەرێم كە ئەندامێكی پارتیە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دیاریكردووە، ھەروەھا كۆمیسۆن كە سەرۆكەكەی پارتیە بە پەرلەمانی وتووە زیندوومان بكەنەوە، ئێمەش وەكو پارتی ئامادەین، ئێستاش تۆپەكە لە گۆرەپانی پەرلەمانە، پەرلەمانیش ھەموو لایەنە سیاسیەكانی تێدایە، بۆیە گرنگە پەرلەمان كۆببێتەوە و ئەو وادەیەی سەرۆكی ھەرێم دایناوە و كۆمیسیۆنیش داوای شەرعیەت دەكات بەھەند وەریبگرین ئەگینا ئەوەی باس دەكرێت زیاتر بیانوە لایەنەكان دەیھێننەوە".

خەسرەو گۆران رەخنە لە یەكێتی نیشتمانی دەگرێت و دەڵێت "بە بۆچوونی من كە یەكێتی ھێزی دووەمە لە كوردستان زیاتر مەسئولیەتەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، ئەگەر یەكێتی بەدەم دەخوازیەكەی سەرۆكی ھەرێم و كۆمیسۆن بچن ھیچ كێشەیەك نابێت، بەڵام دیارە كە نایەنەوێ، بە تایبەتیش كە سەرۆكی پەرلەمان یەكێتیە، ئێستا دەپرسم كێیە كە كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكات یان نایەوێ كۆبوونەوەكە بكرێت، بێگومان سەرۆكی پەرلەمانە كە یەكێتیە".

لێدوانی خەسرەو گۆران لە كاتێكدایە بڕیارە ئەمڕۆ فراكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەمان مەبەست كۆببنەوە و هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن.



PM:01:01:05/04/2022