"ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت"

وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیێنێت" ناردنی (٢٠٠) ملیار دینارەکە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت". 
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە میانی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی ئەتلەنتیک بە (ڕووداو)ی ڕاگەیاند" ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنی دوولایەنە کە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها ئاشکرایە کە ئەمە پەیوەستە بە پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بودجەی ئیمێرجینسی و دەبێت بەپێی یاسا و ئەو رێککەوتنە بێت کە لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا هەمانە". 

ڕوونیشیکردەوە، دەربارەی بودجە، ئێمە هەموو کات بەشێکی دیاریکراومان هەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و گومرگ و باجی دیکە رادەست بکات، ئەگەر ئەوە ئەنجام بدرێت، ئاشکرایە کە رێککەوتنەکە ئاشکرایە و هەردوولا دەبێت پابەندی بن، ئێستا ئەوەی کە لەبارەی یاسای بودجەی ئیمێرجینسی بەنیازین بیکەین ئەوەیە هەر خەرجییەک کە لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی حکومەتی فیدراڵیدا بێت، بۆ نموونە بەشە خۆراکی مانگانە، هەرێمی کوردستانیش بەیەکسانی دەگرێتەوە.  

وەزیری دارایی عێراق دەربارەی نرخی دۆلار وتی" ساڵی رابردوو بەهای دۆلارمان گۆڕی، بەڵام چی دیکە ناگۆڕدرێت لە ماوەیەکی مامناوەنددا، ئێستا دراوەکەمان سەقامگیرە و پێ ناچێت گۆڕانکاری دیکەی بەسەردا بکرێت". 


AM:09:36:20/04/2022