وەزارەتی شارەوانی: بڕیاری لێخۆشبوونی (١٥%)ی قەرزی ئاو درێژکرایەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لەبەر بەرژەوەندی هاوڵاتییان بڕیاری لێخۆشبوونی (١٥%)ی قەرزی ئاو درێژکرایەوە". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بڕیاری لێخۆشبوونی (١٥%)ی قەرزی ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان تاوەكو ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەردەوامە و ئێستاش بنكەكانی كۆكردنەوەی داهات و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە پێشوازی هاوڵاتییاندان".

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێشتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاوڵاتییان و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، بڕیاری لێخۆشبوونی (١٥%)ی قەرزی ئاو درا و لەگەڵ كاركردن بە بڕیارەكە هاووڵاتییان بەشێوەیەكی بەرچاو پێشوازیان لێی كرد و بە بڕیارێكی باشی دەزانن. 

ئاماژە بەوەکراوە، ئێستاش لەبەر بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی كوردستان بڕیارەكە تاوە ٩ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاگادار كراونەتەوە  كە كار بە بڕیارەكە بكەن تاوەكو ئەو ماوەی دیاریكراوە و پێویستە هاوڵاتییانیش بەزوویی سەردانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن بۆ سوودمەندبوون لێی. 


PM:07:31:21/04/2022