حکومەت داشکاندن بۆ قەرزی ئاوی هاوڵاتیان دەکات

دواوادە بۆ سوودمەندبوون لە داشكاندنی كرێی بەستنی پێوەری ئاو دیاری كرا و، ئەگەر تا کۆتایی ساڵ هەر هاوڵاتییەک پێوەر ببەستێت، لێخشبوونی قەرز دەیگرێتەوە.

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان،بڵاویکردەوە " بە گوێرەی دوایین ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ئێستاوە تاوەکوو ڕێكەوتی ٢١ی ١٢ی ٢٠٢٢ هەر هاووڵاتییەک ئەگەر پێوەری ئاوی نەبەستووە و ئێستا بیبەستێت، سوودمەند دەبێت لە داشکاندنی کرێی ئەو مانگانەی لە سەریەتی، کە پێشتر بڕی ٨٠ هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا كراوە به‌ ٢٠ هەزار دینار بۆ ناوەوەی شارەكان و هەروەها بڕی ١٠ هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەکان دیاری كراوە، بە پێچەوانەوە ئەگینا بڕی هەشتا هەزار دینار مانگانە ئەژمار دەکرێت".

 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتییان دەكات كە بە زووترین کات سەردانی یەکێک لە بنکەکان بکەن و مامەڵەی پێویست بۆ بەستنی پێوەری ئاو بکەن، بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند بن.

 

لە ماوەی پێشوودا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چارەسەركردنی گرفتی نەبەستنی پێوەری ئاوی خواردنەوەی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە ئەوانەی لە دەرەوەی شارەكانن نرخی بەستنی پێوەر لە ٨٠ هەزارەوە بۆ ١٠ هەزار و بۆ سەنتەری شارەكانیش لە ٨٠ هەزارەوە بۆ ٢٠ هەزار دینار كەم دەكەینەوە و ئەم بڕیارەش لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دراوە.

 

ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، وتی  "مەرجی جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی ئاوی ماڵان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە و پارەیەكی زۆر قەرزارن، ئەوەیە كە دەبێت هاوبەشەكە پێوەری ئاو ببەستێت، ئەگەر تا کۆتایی ساڵ لەو ماوەیەدا هەر هاوبەشێک پێوەر ببەستێ لێخشبوونەکە دەیگرێتەوە ".

 

سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكە وتی "هەریەكێك پێوەری نەبێت، سەردانی فەرمانگەكانی ئاو دەكات ئەوكات پێوەری بۆ دەبەسترێت و دەخرێتە نێو سیستەم، كاتێك خرایە نێو سیستەم ئەوە پسوولەیەكی بۆ دەكرێت، هەموو ئەوەی پێشووی كە بە ٨٠  هەزار دیناری مانگانە بۆ ئەژمار كراوە ئەگەر لەنێو شار بێت دەكرێتە ٢٠ هەزار دینار و ئەگەر لە دەرەوەی شار بێت ئەوە دەبێتە ١٠ هەزار دینار".

ناوبراو وتیشی  "هەركەسێك پێوەر نەبەستێت ئەوە قەرزەكەی هەر لەسەر دەمێنێت و مانگانەش ٨٠ هەزار دینارەكە بەردەوام دەبێت''.

 

ئەوبەرپرسە باسی ئەوەشیکرد، شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان و پیشەوەر و كاسبكار و نۆڕینگەكان و چەند شوێنێكی تر، لە بڕی ٢٠٠ هەزار دیناری مانگانە دەبێتە ١٢٠هەزار دینار هەروەها، "زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوبەش پێوەریان نییە، ئامانجمان لەو بڕیارە هەم بارسوككردن و هاوكاریكردنی هاووڵاتییانە و هەم هەموو لایەك پێوەری هەبێت".

 

ملیۆنێك هاوبەشی ئاو لە هەرێمی كوردستان هەیە و لە كۆی ئەو ملیۆنە %٧٠ یان پێوەری ئاویان بەستووە.



PM:04:23:10/05/2022