پەرلەمانتارێكی پارتی: تائێستا رێبەر ئەحمەد كاندیدمانە بۆ سەرۆك كۆمار


پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان حیزبەكەیان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەكراوە و رێبەر ئەحمەد كاندیدی ئەوان بۆ ئەو پۆستە.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ١٠-٧-٢٠٢٢ بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نیە و ڕێبەر ئەحمەد كاندیدی حیزبەكەیانە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق و هەوڵی بۆ دەدات ئەو پۆستە بەدەست بێنێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "پێداگرین لەسەر پشتیوانی كاندیدی خۆمان، مەگەر لە حاڵەتێكدا لەگەڵ یەكێتی ڕێكبكەوین لەسەر كاندیدێك جێی ڕەزامەندی هەردوولا بێت".

شوان محەمەد وتویەتی "ئەگەر پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕێكنەكەون، ئەوكات ململانێكەیان دەبەنە نێو پەرلەمانی عێراقەوە، دەنگی پەرلەمانتاران كاندیدی لایەكیان بۆ پۆستەكە یەكلایی دەكاتەوە".  
 

تائێستا بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەرۆك كۆمار.



PM:10:11:10/07/2022