مستەفا كازمی و مەسرور بارزانی لەسەر نەوت بەم شێوەیە "رێككەوتن"


مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیان لەسەر قوڵكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و بەردەوامیدان و درێژەدان بە كاركردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی هاوبەش و گەیشتن بە حاڵەتێكی یەكگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا كردەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە كۆشكی حكومی لەبەغدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی فیدڕال كۆبۆوە، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی تەواوی دۆسییە نیشتمانییەكان و ئەو پرسانە كرا كە بۆ ژیانی هاوڵاتیان گرنگن، هەروەها پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و ڕێگەكانی بەردەوامیدان بە كاری هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێكران، بەو ئاڕاستەیەی كە ئاسایشی خۆراك بۆ تەواوی عێراقییەكان دەستەبەر بكات و بەردەوامی بە دابینكردنی شایستەكانیان بدات و ژیانێكی سەربەرزانەیان بۆ گەرەنتی بكرێت.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "هەردوولا بە توندی دەستدرێژییەكانی توركیایان بۆ سەر خاكی عێراق سەركۆنە كرد، بەتایبەت هێرشی ئەم دواییە، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی بێتاوان بونە قوربانی، جەختیش لە گرنگی ڕێككەوتن لەسەر دیدگایەكی یەكگرتوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دەستدرێژییە و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی كرایەوە، بەو ئاڕاستەیەی كە سەروەری عێراق بپارێزرێت‌ و كار لەسەر ئەوە بكرێت،‌ لە ئایندەدا پێشێل نەكرێت".

ڕاگەیەندراوەكە روونیكردۆتەوە "هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕێككەوتن كرا لەسەر قوڵكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیدان و درێژەدان بە كاركردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی هاوبەش و گەیشتن بە حاڵەتێكی یەكگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا، بەشێوەیەك كە بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراق بەدەست بهێنێت".




PM:10:07:23/07/2022