کۆتا کۆبوونەوەی باڵای نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا دەربارەی کاندیدی سەرۆک کۆمار دوا کۆبوونەوە دەکەن.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە نەکراوە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، ھەردوولا کاندیدی خۆیان ھەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام پارتی پێشنیاری نوێی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار کردووە، ئەویش لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە.''

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "پارتی چاوەڕێی وەڵامی یەکێتییە دەربارەی پێشنیاری نوێ بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار و، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەڕێوە بچێت.''

د. ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پۆستی سەرۆککۆماری عێراق مافی کوردە و پێمان باشە کاندێکی ھاوبەش ھەبێت و کاندیدەکەش ببێتە کاندیدی ھەموو ھەرێمی کوردستان نەک لایەنێکی دیاریکراو، ئەوەیش کاریگەریی خۆی دەبێت بۆ قۆناغی ئێستای کورد لە عێراقدا.''



PM:11:47:26/07/2022