كازمی لایەنەكان بانگهێشتی كۆشكی حكومەت دەكات



مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگهێشتی هەموو هێزە سیاسییەكان دەكات لە كۆشكی حكومەت كۆببنەوە بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگێكی جیدی بكەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستا. 
 
بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی كازمی رایگەیاندووە "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی هاوبەش كە هەموو عێراقییەكان لەسەر بنەمای پاراستنی یەكێتی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەكەی كۆدەكاتەوە، داوا لە برایان لە هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان دەكەم، سبەی چوارشەممە لە كۆشكی حكومەت لە كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی بەشداربن بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگێكی جیدی بكەین، ئەوەش لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سیاسی ئێستا". 
 
كازمی ئاماژەی بەوەكردووە "داوا لە هەموو لایەنە نیشتمانییەكان دەكەم ئاڵۆزیی جەماوەریی و میدیایی رابگرن، دەرفەتی پێویست بدەن بۆ خستنەڕووی پێشنیازی گونجاو و گفتوگۆی نیشتمانی. بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە زمانی دیالۆگ سەربخرێت، دەرفەتی ئاشتی نیشتمانی بدرێت و رێگە لە ناكۆكییەكان بگیرێت".   
 



PM:08:57:16/08/2022