لەبارەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

ئەمڕۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی حوزەیران لە هەولێر کۆتایی هات و بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێریش دەڵێت" پێکهاتەی بەشەخۆراکی مانگی تەموزیان بە دەست گەیشتووە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکەن". 

دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەولێر لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی راگەیاند" ئەمڕۆ پێنجشەممە، دابەسکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی مانگی حوزەیران بەسەر هاوڵاتییاندا کۆتایی هات و لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە پێکهاتەکانی بەشەخۆراکی مانگی تەموزمان بە دەست گەیشتووە و وابڕیارە لە سەرەتایی هەفتەی داهاتووەوە دەس بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی ئەو مانگەش بەسەر هاوڵاتییاندا بکەین".

ئەوەشی خستەڕوو،  پێکهاتەی بەشەخۆراکەکە هاوشێوەی مانگەکانی پێشووە، کە پێکهاتووە لە نیسک، نۆک، فاسۆلیا، برنج، دۆشاوی تەماتە، شەکر و رۆنی شلە. 

لای خۆشیەوە، شەوکەت محەمەد بەڕێوەبەری بەشە خۆراکی سلێمانی سەبارەت بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی حوزەیران لە سلێمانی باسی لەوەکرد، لە ئێستادا دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی حوزەیران لەسەر لیستی مانگی حەوت بەردەوامە و هەرکاتێک پرۆسەکە تەواوبوو، راستەخۆ دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی تەموز دەکەین. 


PM:07:02:01/09/2022