پارتی: لەگەڵ یەكێتی ئەمجارە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدی هاوبەشمان دەبێت


بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێستا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە بۆ دۆخی عێراق و ئەمجارە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدی هاوبەشیان دەبێت.

جەعفەر ئیمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان 24ی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە "بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشتر لێكتێنەگەیشتن لەنێوان پارتی و یەكێتی هەبوو، بەڵام ئێستا سەركردایەتی هەردوولا باوەڕیان وایە، دۆخی عێراق لەو ئاستەدا نییە، پارتی و یەكێتی لەسەر پۆست ناكۆكی لەنێوانیاندا هەبێت".

ئیمینكی روونیكردەوە "ئێستا لێكتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، ئەنجامی ئەو لێكتێگەیشتنەش سوپرازێك بۆ گەلی كورد دروست دەكات، كه وەكو كورد‌ یەك كاندیدمان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار".

دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بە دریژایی ئەمساڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەختی كردۆتەوە لەوەی سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بەو پێیەی بەركەوتەی خۆیانە و تاكە كاندیدیشیان بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش سەرەتا كاندیدیان هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بوو، بەڵام دوورخستنەوەی زێباری لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق، پارتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد.






PM:11:56:10/09/2022