ناوی کەناڵی گەلی کوردستان دەگۆردرێت

لە ساڵیادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، کە کۆنترین تەلەفزیۆنە لە دوای ڕاپەڕین ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ (GKN). 

مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی (ئیتر لە جیاتی GK دەڵێین GKN) ئاماژەی بەوەکردووە" سبەینێ ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ یادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانە، یەکەم تەلەفزیۆنی کوردی و کوردستانی لە کوردستانی ئازاد دا". 

ئەوەش هاتووە" یەکەم تەلەفزیۆنە کە کورد بە دەستی خۆی، بە بیری خۆماڵی کوردەواری و بە توانای تەکنیکاری نیشتمانی و ئەندێشەی کوردانەوە دایمەزراند و ئەو رۆژە هاتە کۆڕی بینەرانەوە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

تۆڕی گەلی کوردستانن

(کەناڵی گەلی کوردستان) 
بە مێژووی درەوشاوەوە روو 
لە تۆڕی گەلی کوردستان دەکات.

سبەی ( 11/9/2022 ) یادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانە، یەکەم تەلەفزیۆنی کوردی و کوردستانیی لە کوردستانی ئازاد دا.
یەکەم تەلەفزیۆنە کە کورد بە دەستی خۆی ،بە بیری خۆماڵی کوردەواری و بە توانای تەکنیکاری نیشتمانی و ئەندێشەی کوردانەوە دایمەزراند و ئەو رۆژە هاتە کۆڕی بینەرانەوە.

پەخشی گەلی کوردستان بە گوتاری مێژوویی رابەر و سەرکردەی گەلەکەمان سەرۆک مام جەلال لە یاریگای سلێمانی دەستی پێکرد، کە بە بۆنەی یادی سی ساڵەی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول لەناو ئاپۆڕای هەزاران هەزار جەماوەری گەلەکەمان پێشکەشی کرد. لە پەنا ئەم وتارە گشتگیرە مێژووییەوە، پێشمەرگە تەکنیکارەکانی گەلی کوردستانیش مێژوویەکی نوێیان لە میدیای کوردی تۆمار کرد. 
کەناڵی گەلی کوردستان وەک کەناڵی پێشمەرگە، وەک کەناڵی دایک، بە هەموو قۆناغەکانی خۆیەوە، سەروەرییەکی گەورەو سەروەتێکی رەمزییە بۆ یەکێتی و بۆ میدیای کوردستانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش، چونکە لەم هەموو قۆناغانەدا، بە هەموو هەوراز و نشێوییەکانییەوە، یادەوەری گەلەکەمان و دیرۆکی ژیانی ئازادی پاش راپەڕینی تۆمار کردووە و بە ئەمانەتەوە، بە هەموو جیاوازییەکانییەوە، سەکۆی هەمەڕەنگی کوردستان بووە.

ئێمە لە راگەیاندنی یەکێتی شانازی بەو مێژووەوە دەکەین، بەڵام هەمیشە وتەکەی مامی گەورەمان لە یادە کە بۆ میدیاش بە ڕاست دەردەچێت ( لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن خەومان لێ نەکەوێت )، لەسەر بنچینەی ئەو وتەزایە دەست بەو شانازیانەوە دەگرین و روومان لە قۆناغێکی نوێیە. بۆ ئەم مەبەستەش ئیتر گەلی کوردستان وەک ( تۆڕی گەلی کوردستان ) دێتە کۆڕی تێکۆشانی میدیاییەوە، بە ئاراستەی یەک گوتاری و پوختەکردنەوەی راگەیاندنی یەکێتی کە پێکدێت لە یەکخستنی(هەردوو گەلی کوردستانی رادیۆ و تیڤی، گەلی کوردستان_هەولێر، بادینان و ئایندە). ئومێد دەکەین هەموو لایەک هاوکارمان بن لەو پرۆژەیە و کاری جددی بکەن بۆ سەرخستنی. 

بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو میدیاکار و رۆژنامەنووس و تەکنیککارانە دەکەین کە لە رەوتی کاری ئەم کەناڵەدا، لە لۆکاڵییەوە بۆ سەتەلایت. کۆشش و کاریان کردووە، دروود بۆ تێکۆشەرانی کۆچکردووی ئەم رەوتە میدیاییەش کە هەرگیز لەیاد ناکرێن.

(تۆڕی گەلی کوردستان) درێژەپێدەری هەموو مێژووی گەلی کوردستان دەبێت، پیرۆزباییەکانی هەموو هەڤاڵان و دۆستان، دەکەینە ورەو وزەی ماددی و مەعنەوی بۆ سەرخستنی مێژووی تازەی ( تۆڕی گەلی کوردستان ) 

مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان


PM:06:48:11/09/2022