حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت" بەهۆی کەمبوونەوەی سەرپێچییەکان کارەبای زیاتر بە هاوڵاتییان دەدرێت".
فەرمانگەى میدیا و زانیارى سەر بە حکومەتى هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات" کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، لە کۆبوونەوەیەکی فراوان-دا دوای دەست بەکاربوونی، کە بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەژدار بوون بریاری دا کاربکرێت بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆری کارەبای نیشتیمانی و چاوپۆشی لە هیچ لایەن و کەسایەتییەک نەکرێت".
دەشڵێت" لەو کاتەوەی بڕیارەکە چووەتە بواری جێیبەجێکردن و توانراوە بڕێکی باش کارەبای بەفیڕۆچوو بگەرێنرێتەوە ناو تۆرەکانی کارەبای نیشتیمانی و بووەتە هۆی زیادبوونی پێدانی ماوەکانی کارەبا بە هاوبەشان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی پرۆژەکە بەشێوەیەکی روون و شەفاف بەڕێوە بچێت، وەزارەتی کارەبا لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت خشتەی سزا و سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە.
بەپێی خشتەکە، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە هەشت هەزار سەرپێچی لە سەرانسەری هەرێم تۆمارکراون، چوار هەزار و ٥٩٦ سەرپێچی تەنیا لە پێوەری زیرەک بووە، کە (٢٩) دۆسیەیان رادەستی دادگا کراون.