فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا لەبارەی کێشەیەکی
نێوان پەرلەمانتاریکی خۆی و هێزەکانی کۆماندۆ
ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت " سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان
و سەرکۆنە کردنی ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نادروستە حیزبیانەیەی بۆتە لەمپەر لە بەرامبەر
بە دواداچونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتاران."
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەی خوارەوە
هاتووە:
ڕوونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە
دوای ئەوەی ئەندامێکی بەڕێزی فراکسیۆنەکەمان ،
لەکاری پیشەیی خۆی بەمەبەستی بەدواداچون سەردانی مەرزی پەروێزخانی کردبوو ، لەگەڵ
ئەندامێکی بەڕێزی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دا ، لە گەرانەوەیاندا توشی گرفت
بوون لەگەڵ هێزێک بەناوی (کۆماندۆ).
ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە
ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرکۆنە کردنی ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نادروستە
حیزبیانەیەی بۆتە لەمپەر لە بەرامبەر بە دواداچونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی
ڕۆڵی پەرلەمانتاران و بە کەمڕوانین لە بەهای پەرلەمان کە دەزگای شەرعی و هەڵبژێرراوی
خەڵکی کوردستان و سەروەربوونی یاسایە.
ھەرچەندە ڕاگەیەنراوەکەی ئەم ھێزە ئەوەندە ئاست
نزمە لە روی سیاسی و یاسایی و ئیدارییەوە هی وەڵام دانەوە نیە، بەڵام ھاووڵاتییانی
کوردستان مافی خۆیانە ئەوە بزانن کە ئەندامانی پەرلەمان پێویستیان بە ڕەزامەندی و
مۆڵەت و نوسراو نیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکی پەرلەمانتاری خۆیان و بەدواداچوون، پەرلەمانتار
دوای ئەوەی خۆی ناساند و ناسنامەی پەرلەمانتاری پیشان دا ، نابێت بپشکنرێن نە خۆیان
نە ئوتومبیلیان نە ماڵیان چونکە پارێزبەندیان ھەیە، ھەروەھا ناسنامەی پەرلەمانتار
مۆڵەتە بۆ ھەڵگرتنی چەک.
لە کۆتاییدا داوا دەکەین پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی
پەرلەمان هەڵوێستی جدییان هەبێت ، پێویستە ڕێز لە دامەزراوەی پەرلەمان پەرلەمانتاران
بگیرێت....
فراکسیۆنی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان