بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، تائێستا پێنج کەس لە خۆپیشاندانی شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و (٧٥) کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی نوێترین ئاماری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە خۆپیشاندانی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی مردنی ژینا ئەمینی، تاوەکو ئێستا پێنج کەس کوژران و (٧٥) کەسی دیکەش برینداربوون.
رۆژی سێشەممەی ڕابردوو ژینا ئەمینی لە تارانی پایتەختی ئێران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستگیرکرا و دواتریش بەشێوەیەکی تەمومژاوی رۆژی هەینی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی کەسرا گیانی لەدەستدا.
هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەتیدەکاتەوە و دەڵیت "بە جەڵتە گیانی لەدەستداوە"، بەڵام باوکی ژینا دەڵێت" کچەکەم ئەشکەنجە دراوە و بەوهۆیەوە مردووە".