پارتی بە فەرمی كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار كشاندەوە



مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كشانەوەی رێبەر ئەحمەدی لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆمار رایگەیاند.  

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "دوای هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، هەوڵەكانمان بەڕوون و ئاشكرایی بۆ رزگاركردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق لە چەقبەستوویی بەگەڕخست و بەبێ جیاوازی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی براوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆ دابووین و، پابەندی و رێزیشمان بۆ ئەو رێككەوتنەی هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی عێراق هەبوو لە دەستنیشانكردنی نوێنەریان بۆ ئەو پۆستە سیادیەی بۆ هەر لایەك دیاریكراوە".   

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەكردووە "سەبارەت بە سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كورده‌ رای خۆمان بەڕاشكاوی راگەیاندوە كە بەپێویستی دەزانین كۆدەنگی گەلی كوردی لەسەر بێت، چونكە نوێنەری كوردە لە عێراقی فیدراڵدا، بەداخەوە هەوڵدرا ئەم بابەتە پشتگوێ بخرێ و بەدەستتێوەردان و سەپاندنی ئیڕادە و لەدەرەوەی كۆدەنگی ئەم مافەی گەلی كورد پێشێل بكەن".

هەروەها دەلێت "بۆیە پارتیمان هەڤاڵ (رێبەر ئەحمەد)ی كاندیدكرد بۆ ئەو پۆستە، ئێستاش كە ئەو هەوڵەی دەدرا بۆ سەپاندنی ئیڕادە و رەچاونەكردنی كۆدەنگی كورد كە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو پڕەنسیپ بەگرنگمان زانیوە، سەركەوتوو نەبوو  و، هەروەها لەپێناو سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ بڕیارماندا بەكشاندنەوەی هەڤاڵ رێبەر ئەحمەد لە كاندیدی سەرۆك كۆمار، هیوادارین كۆبونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران كە بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەبەسترێ سەركەوتوو بێت".  

بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكرێت، یەكێتی سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح، پارتی و هەندێك لایەنی شیعە و سوننەش دەنگ بە لەتیف رەشید، دەدەن بۆ سەرۆك كۆمار.



AM:11:23:13/10/2022