بارزانی: ناچاركردنی كەسێك لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك كۆمار شكستی هێنا

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کرد، دوای سەرکەوتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەڵبژاردنی لەتیف رەشید بۆ سەرۆک کۆماری نوێی عێراق. 

مەسعود بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی ئیرادە و ئیستحقاقاتی گەلی کوردستان دەستی بەسەردا بگیرێت و کەسێک لە دەرەوەی کۆدەنگی و ئیرادەی گەلی کوردستان وەک سەرۆک کۆمار بسەپێندرێت، بەڵام ئەو هەوڵانە سەرنەکەوتن و ڕێگە نەدرا ئیرادەی خەڵکی کوردستان پشتگوێ بخرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئێمە هەمیشە پڕەنسیپ گرنگترە لە پۆست و پلە و پایە و، دواجاریش ئەو پڕەنسیپە سەرکەوت کە نابێ کەسێک بەسەر ئیرادەی گەلی کوردستاندا بسەپێندرێت و بکرێتە سەرۆک کۆمار.

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوا دەخوازێت کە هەنگاوەكانی داهاتووی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق لە خزمەتی بەرژەوەندی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستاندا بێت و كەشوهەوایەكی نوێ ژیانی سیاسی بگرێتەوە و، كۆتایی بە كێشە و ئاستەنگ و قەیرانەكانی ڕابردوو بێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر لەتیف رەشید كاندید بۆ سەرۆك كۆماری كۆمار دا، بە زیاتر لە (٦٠) دەنگ بە بەراورد بە نزیكترین ركابەرەكەی كە بەرهەم ساڵح-ە. 


PM:07:22:13/10/2022