بارزگانێکی ئۆتۆمبیل هۆکارەکانی جەنگو گرژیو ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتانو دۆخی ئێران و زیادبوونی کرێی گواستنەوە، بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دەزانێت.
هاوکار جەوهەر، بازرگانی ئۆتۆمبێل لەشاری سلێمانی بەڕۆژنامەی "بازرگانیو پیشەسازی” راگەیاندووە"نرخی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووە، لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەی کڕینو فرۆشتن زۆر خاوەو کەمن، بازاڕ زۆر لاوازە، ئەوەش کاریگەری لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دروستکردووە”.
وتیشی "لەئێستادا نرخ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، بۆ جۆرێک ئۆتۆمبێل هەیە هەزار دۆلار بەرزبۆتەوە، هەیە سێ هەزار دۆلار بەرزبۆتەوە، بۆنمونە پارساڵ ئەم کاتانە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی مۆدێل ۲٠۲۱ بەنرخی ۱۲ هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا هەمان ئۆتۆمبێل هەمان مۆدێل بووە بە ۱۳ هەزارو ٥٠٠ دۆلار، ئۆتۆمبێلی توێتا کامری ئەمریکی بەراورد بە پارساڵ ۲٥٠٠ دۆلار تا ۳٠٠٠ دۆلار گرانبووە، نیسان ئەڵتیما ۱٠٠٠ دۆلار گرانتر بووە”.
دەربارەی هۆکاری گرانبونی نرخی ئۆتۆمبێل، هاوکار وتی "هۆکاری جەنگی ڕوسیاو ئۆکراینا بۆتە هۆی کەمبونەوەی ئاسن، بەهۆیەوە کارگەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل نرخیان لەسەر گران بووەو کەمتر ئوتومبێل دروست دەکەنو داواکاریش لەبازاڕدا زۆرە، ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبونەوەی نرخ لەبازاڕدا”.
وتیشی "هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەئێستادا بەتەواوەتی خاوبۆتەوە، بەدەیان کەشتی بارهەڵگری ئۆتۆمبێل لەبەندەرە ئاویەکانی ئێران ڕاگیراونو کەس ناوێرێت باری بکات، چونکە بەهۆی ئەو رەوشەی لەئێران هەیە کەس گرەنتی هاتنی ئەو ئوتومبێلانە ناکاتو کاتێک ئوتومبێلەکانیش دەگەنە ئێرە لەسەر بچوکترین شت ژمارەیان پێنادەن، ئەمەش نیگەرانی بۆ کاسبکاران دروست کردووە کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە ئەم کێشەیە”.
هاوکار جەغتی لەوە کردەوە کە "گواستنەوەی ئۆتۆمبێل لەمانگی چواردا ٤٠٠ دۆلار بووە، بەڵام بۆ مانگی نۆ بڕی گواستنەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک بووە بە ۹٠٠ دۆلارو نرخەکە بۆ ئێستا مانگی دە دیاریکراوەو دەبێت بە ۱٠٠٠ دۆلار، لەئێستادا رەوشی کاسبکاران زۆر خراپەو هیچ لایەنو کەسانێک خۆی ناکات بەخاوەنمانو هاوکارمان نین”.