بەپێی پێشبینیە كەشناسییەكان ئەمساڵ هەرێمی كوردستان وشكەساڵی تێدەپەڕێنێت و بارانبارینێكی باش لە هەردوو وەرزی زستان و بەهاردا ناوچەكە دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایدەگەیاندووە، ئاستی بارانبارینی ھاوینی ئەمساڵ لە وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی و ناوەراست و باشوری وڵاتی ئێران بەرێژەیەكی بەرچاو زیاتر بووە، بە بەراورد بە تێكرای ناوەندی بارانبارینی مانگەكانی وەرزی ھاوین لە 40 ساڵ زیاتری ڕابردودا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، وەك لەماوەكانی وەرزی ھاوینیشدا بینرا لافاو و بارانێكی زۆر ئەم ناوچانەی دەگرتەوە، ئەویش بەھۆی كاریگەری بەھێزی ئەو بارستە ھەوا شێدارانەوە بو كە لە ھیندستان و دەریایی عەرەبەوە دەھاتن.
ئاراس جەبار دەڵێت، پێشبینی دەكرێت كە لە ھەرێمی كوردستان و ناوچەكەش كۆتایی بە وشكە ساڵی بێت و بارانبارینی باش ناوچەكە دەگرێتەوە، هەروەها پێشبینی و گۆڕانكاریەكانیش دڵخۆشكەرن، بە نیسبەت وەرزی بارانبارین لە زستان و بەھاردا.