"چۆن خۆكڤكردنی پارتیمان لە پرسی سەرۆك كۆماردا وەستاند، لە حكومەتیش وا دەكەین"



سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ بەركەوتەی حیزبەكەیان لە حكومەتی نوێی عێراق روویان لە محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی سەرۆك وەزیرانە و دەڵێت "چۆن خۆكڤكردنی پارتیمان لە پرسی سەرۆك كۆماردا وەستاند، لە حكومەتیش وا دەكەین".
 
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە میدیاكانی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە "بۆ مەسەلەی بەركەوتنی وەزارەتەكان لە حكومەتی عیراقدا ئێمە روومان لە محەمەد شیاع سودانییه  لە وەرگرتنی بەركەوتەی یەكێتی،  روومان لە پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، خۆ ئەم حكومەتە حكومەتی پارتی نییە، داوای وەزارەتی لێ بكەین، ئەم حكومەتە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە "بەشێكی زۆری پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا لەسەر دوو بنەمایە، ھەم لەسەر دەنگ و ھەم لەسەر سەنگ، واتە ھەم لەسەر ژمارەی كورسییەكان و ھەم لەسەر سەنگی سیاسی لایەنە سیاسییەكانیش".

وەك ستران عەبدوڵا دەڵێت "قسە و قسەڵۆك زۆرە وەكو چۆن لە مەسەلەی سەرۆكایەتی كۆماردا ھەمان ئەو گەڤكردن و خۆگیڤكردنەوە ھەبوو، بەڵام سەرەنجام پۆستەكە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكلایی بووەوە، پێمانوایە بۆ مەسەلەی بەركەوتەی یەكێتی لە وەزارەتەكانیشدا سەركەوتوو دەبین".





PM:04:56:24/10/2022