بانكی ناوەندی لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار رونكردنەوە دەدات


پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، رەتیكردۆتەوە نیازی دابەزاندنی بەهای دۆلاریان هەبێت.

د.نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە "چەند رۆژێك لەمەوبەر وەك لیژنەی دارایی پەرلەمان، پرسیارمان لە پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد، سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە وەڵامدا كە لە دووتوێی راپۆرتێكدا ناردوویانە بانكی ناوەندی جەخت دەكاتەوە كە بە نیاز نییە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بكات".

ناوبراو باسی لەوە كردووە، لە وەڵامی بانكی ناوەندیدا چەند هۆكارێك خراونەتەڕوو بریتین لە "نرخی ئێستای دۆلار كۆمەڵێك دەرەنجامی ئەرێنی هەبووە و تاڕادەیەكی باش كورتهێنانی لە بودجەی حكومەت كەمكردووەتەوە، وێڕای ئەوەی حكومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێك لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیشی بداتەوە"".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "گۆڕانكاریكردن لە نرخی دۆلار لە ماوەی لێكنزیكدا ناجێگیری دروست دەكات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێمتمانەیی بە دینار و دروستكردنی كاریگەریی خراپ لەسەر چالاكی ئابووری و رەوشی وەبەرهێنان و زیادبوونی ناجێگیری بازاڕی دراو".
هەروەها وتویەتی "دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ بەهێزكردنی توانای كێبڕكێی بەرهەمی خۆماڵی و كەمكردنەوەی خواستە لەسەر هاوردەی بیانی.

د. نەرمین دەڵێت "سەبارەت بە كاریگەرییە خراپەكانی نرخی ئێستای دۆلار لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك بە تایبەت بۆ كەمدرامەتەكان، بانكی ناوەندی پێیوایە دەكرێت حكومەت لە رێگەی بەخشینی كۆمەك و هاوكاریی بۆ ئەو  توێژانە، هەروەها لە رێگەی باشتركردنی كۆبۆنی خۆراك كاربكات، بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نەك گێڕانەوەی بۆ نرخە كۆنەكەی".



PM:04:59:25/10/2022