وەزیرێكی گۆڕان: هەموو كات دوو ئیدارەیی هەڕەشەیە بۆ هەرێم


دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەندانكردنەوە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت  "تا ئێستا حكومەتێكی یەكگرتوو و ئیدارەیەكی یەكگرتومان نیە، بۆیە دوو ئیدارەیی هەموو كات هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان".

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەندانكردنەوە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبونەوەی شاندی گۆڕان و پارتی، رایگەیاند "دەبێت لەپێناو بەرژەوەندی گشتی واز لە بەرژەوەندی حزبی بهێنین و لە كۆبونەوەكانمان لەگەڵ پارتی باسی كۆمەڵێك بابەتی جددی و حەساس كراوە و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، بەڵام ئەوەی بە نیسبەت گۆڕانەوە گرنگە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندی گشتی و قەوارەی هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك نەكەوێتە ژێر مەترسییەوە ئەگەر هەر گرفتێك ببێت تەنانەت ئەگەر گرفتەكە قوریش بێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "هەم لەكۆبونەوەی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان هەم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ پارتی باسی كێشەی ئەمنی هەرێمی كوردستان كراوە و لە هەردو كۆبونەوەكەدا باسی كوژرانی هاوكار جاف كراوە".

سەبرەت بەوەی ئایا مەترسی هەیە لەسەر دروستبوونی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان، دانا عەبدولكەریم وتی، "تا ئێستا حكومەتێكی یەكگرتو و ئیدارەیەكی یەكگرتومان نیە، بۆیە ئەو هەڕەشانە هەموو كات جددیە، ئێمە تاوەكو وڵاتێكی دامەزراومان نەبێت و تاوەكو هێزێكی نیشتیمانی نەبێت، تاوەكو یەك سەرچاوەی دارایی لە داهات و خەرجیمان نەبێت بە تەئكید كاریگەری هەیە كە دو ئیدارەیی هەموكات هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە هێز و پارەمان دابەشە و لە ڕوی جورگرافیشەوە دابەشكراوین".




PM:03:13:30/10/2022