كابینەی نوێی عێراق رادەگەیەنرێت

‌حەیدر عەبادی
سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات دووشەممەی داهاتوو كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە رادەگەیەنرێت.

سەرچاوەیەكی نزیك لە حەیدر عەبادی، سەرۆك وزیرانی تازە دیاریكراوی عێراق، بە ماڵپەڕی "كل العراق"ی رایگەیاند كە عەبادی رۆژی دووشەممە 25ی ئاب كابینەكەی خۆی رادەگەیەنێت.

بەپێی ئەم هەواڵە پاش پێشكەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، حەیدەر عەبادی بڕیاریداوە كابینەكەی بچوك بكاتەوە‌و بەجێگەی ناساندنی 31 وەزیر، 20 وەزیر بۆ كابینەكەی بە پەرلەمانی عێراق بناسێنێت، بەشێوەیەك كە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا هاوسەنگی هەبێت.

بەپێی زانیارییەكان كەسانێك وەك "ئەحمەد چەلەبی" بۆ جێگری سەرۆك وەزیران، "ئیبراهیم بەحرولعلوم" وەزیری نەوت، "باقر جەبر زۆبەیدی" وەزیری ئابوریی‌و دارایی، "مەهدی حافیز" وەزارەتی پلاندانان، "جەبار یاوەر" وەزارەتی بەرگری، "رەعد مەولود موخلیس" وەزارەتی دەرەوە‌و "عامر عەبدولجەبار" بۆ وەزارەتی گواستنەوە رێكەوتنی لەسەر كراوە.

بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەك لە وەزارەتخانەكان تێكەڵ بەیەكتر دەبن‌و وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی دەبێت بە "رێكخراوی ئاسایشی نیشتمانی"‌و سەر بەوەزارەتی ناوخۆ دەبێت.

حەیدەر عەبادی، 11ی ئەم مانگە (ئاب) لەلایەن فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق، راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.



PM:04:55:21/08/2014