ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" سبەینێ هەینی لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئەگەری بارانبارینی پچر پچر و مامناوەند دەبێت لە ناوچەکانی سنوری گەرمیان بە تایبەت باشور و رۆژھەڵاتی سنورەکە رێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت لە نێوان ٥ تا ١٠ ملیممەتر".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێم ئەگەری نمە باران دەبێت لە ھەندێ کاتدا و لە بەشێکی ناوچەکانی ناوەراستی عێراقیش ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو هەیە.
دەربارەی گۆڕانکارییەکانی پلەمکانی گەرما ئاراس جەبار باس لەوە دەکات، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی جێگیر ئەمێنێتەوە، بەڵام خێرای با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت ١٠ تا ٢٥ کم بە ئاراستەی باکوری رۆژھەڵات.
هەر ئەمڕۆ دەستەی کەشناسی هەرێم ڕەوشی کەشوهەوای دووەم ڕۆژی زستانی ڕاگەیاند و وتی" سبەینێ بەگشتی ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی هەرێم لە نێوان نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت و پلەکانى گەرماش یەک تا سێ پلە بەرز دەبنەوە".