زانیاری نوێ سەبارەت بە ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم دەخرێتەڕوو

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ماوەبەسەرچووی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد ڕایدەگەیەنێت" هیچ رێگرییەک نییە بۆ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم و ھەر کاتێک رێکارەکان تەواو بن، پارەکە ڕەوانەی ھەرێم دەکرێت". 

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان (کاربەڕێکەڕ) لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" ھەر کاتێک رێکارە ئیدارییەکان بۆ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە تەواو بێت، پارەکە ڕەوانە دەکرێت و ھیچ رێگرییەک نییە".

فارس عیسا ڕوونیشیکردەوە" ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەکرێت کە وەزیری دارایی رێگرە لەوەی پارەکە ڕەوانە بکرێت و رازی نییە، ڕاست نییە، چونکە حکومەت بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ ھەرێم داوە و بڕیارەکەش دەرچووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت رێکارەکان تەواو بکرێن و پارەکەش ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت".


PM:02:33:25/12/2022