خالید شوانی، سەبارەت بە تۆمەتباركردنی لەلایەن دەستەی دەسپاكییەوە دەدوێت


خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق سەبارەت بە تۆمەتباركردنی لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە رایدەگەیەنێت "پێموایە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پەلەی كرد كە ئەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەی ئەنجامدا، سوكایەتی و ناوزڕاندنی وەزارەتی داد و وەزیری دادی تیابوو".

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "رۆژی 3ی ئەم مانگە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەلایەن سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئەنجامدرابو و تیایدا بڵاویكردبوەوە كە ئەمری استقدام (بانگهێشتكردن بۆ وەرگرتنی وتە) لەبەرئەوەی ئێمە باوەڕمان بە عەدالەتی دەسەڵاتی دادوەری هەیە و خۆشمان یاسایین و هیچیشمان نیە لێی ترسین و چوینە بەرامبەر دادگا و بۆچونی خۆمان رونكردنەوە سەبارەت بەم بابەتە، هەندێك كەس و لایەنی سیاسی ویستویانە وای نیشان بدەن كە ئەم بابەتە "بابەتێكی دەستپاكییە" لە دژی من".

شوانی ئاماژەی بەوەكردووە، "رۆژی 3ی ئەم مانگە دوو لێكۆڵەر لە دەستەی دەستپاكییەوە هاتون بۆ وەزارەتی داد و كاتێك ئێمە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بوین داوای هەویە و جنسیەی عێراقی چەند فەرمانبەرێكیان كردوە كە پەیوەندیان بە گرێبەستی بەخواردەمەنییەوە هەیە كە دەدرێت بە زیندانییەكان، لەبەرئەوەی كاتژمێر 2:00 هاتون و دەوام تەواو بووە، رێككەوتون رۆژی دوتر بێنەوە و بەیانی زوو ئەوراقەكانیان بدرێتێ و نوسراوێكیان واژۆكردوە و تیاشیدا نوسراوە كە بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی وەزارەتی داد زۆر هاوكاریان بوە".

هەروەها دەڵێت "ئەوەی بەلای ئێمەوە سەرسوڕهێنەر بوو سەرۆكی دەستەی دەستپاكی چوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كردوە و ئێمەی بەوە تۆمەتباركردوە كە رێگرین لەوەی ئەو بەڵگانە پێشكەش بكەین و ئەو بەڵگانە پەیوەندی بە گرێبەستەكانەوە هەیە، لەكاتێكدا نوسراوەكەی دادگا كە هاتوە باس لە بەڵگەنامەی جنسیەی عێراقی دەكات، ئێمە گوێمان بە بابەتەكە نەدا و رۆژی 4ی 1ی بەپێی رێكاری یاسایی و ئیداری وەڵامی دەستەی نەزاهەمان دایەوە".

شوانی باسی لەوەكرد "پێمانوایە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پەلەی كردوە لەوەی كە چوەتە بەردەم رای گشتی و هەندێك شتی وتوە كە گوایە ئێمە بابەتی دادوەریمان پەكخستوە، لە راستیدا ئێمە زۆربەی بڕیارەكان كە دەسەڵاتی دادوەری دەری دەكات جێبەجێی دەكەین، ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری ئەوەمان باسكردوە، بۆیە پێموایە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پەلەی كرد كە ئەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەی ئەنجامدا و قسەكانی سوكایەتی و ناوزڕاندنی وەزارەتی داد و وەزیری دادی تیابوو".



PM:04:21:09/01/2023