فۆتۆگرافەرەكەی‌ موسای‌ كۆبانێ:‌ گەورەترین ناهەقی‌ بەرامبەر موسا دەكرێت


فۆتۆگرافەرەكەی‌ موسای‌ كۆبانێ‌ ئاشكرای دەكات، ماوەیەكە لە رێگەی‌ فیلمێكەوە ناهەقیەكی‌ گەورە بەرامبەر موسای‌ كۆبانێ‌ دەكرێت و بە كەسێكی‌ كەم ئەزمون و نەشارەزا لە بەرەكانی‌ جەنگ وێنای‌ دەكەن. 

هەرێم عەبدوڵڵا ئەو فۆتۆگرافەرەیە كە لەسەرەتاكانی‌ ساڵی‌ 2015، بەمەبەستی‌ تۆماركردنی‌ كاری‌ دیكیۆمێنتەری‌ لەسەر شەڕی‌ داعش، بەڕێگەی‌ قاچاخ خۆی‌ دەگەیەنێتە رۆژئاوای‌ كوردستان و دەچێتە شاری‌ كۆبانێ‌، لەوێ‌ دەیەوێت مێژووی‌ شەڕڤانان لە ڕووبەڕوونەوەی‌ داعش تۆماربكا، دواتر چاوی‌ بە نیشانەشێكێن (موسا) دەكەوێت كە ناسراوە بە (موسای‌ كۆبانێ‌).

هەرێم باس لە ئازایەتی‌ و قارەمانێتی‌ ئەو نیشانە شكێنە دەكات و دەڵێت" حیكمەت شكور كە ناسراوە بە (هەردەم- موسای‌ كۆبانێ‌) ، لەسەرەتاكانی‌ شەڕی‌ داعش لە رۆژئاوا بەخۆی‌ و قەناسەكەیەوە لە ڕێگەی‌ قاچاخەوە خۆی‌ دەگەیەنێتە رۆژئاوای‌ كوردستان و دەچێتە خاكی‌ كۆبانێ‌ بەمەبەستی‌ بەرگری‌ لە پارچەیەكی‌ دیكەی‌ كوردستان". 

ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژەی بەوەكردووە "كە ئێمە لەوێ‌ بەدوای‌ موسادا دەگەڕاین بۆ ئەوەی‌ كارێكی‌ دیكیۆمێنتەری‌ لەسەر قارەمانێتی‌ ئەو نیشانە شكێنە تۆمار بكەین، كە بە قەناسەكەی‌ خۆی‌ بەتەنها زیاتر لە 280 داعشی‌ لەناو خاكی‌ كۆبانێ‌ كوشتووە، یەكێك بووە لە فەرماندە هەرە ئازاو بوێرەكانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان كە ڕۆڵێكی‌ گەورەی‌ لەو شەڕە دابینی‌". 

لەدوای‌ تۆماركردنی‌ كارە دیكیۆمێنتەرییەكەیان و گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی‌ كوردستان و دوای‌ چەند مانگێگ هەواڵی‌ كوژرنی موسا دەبیستن، هەرێم دەڵێت "شێوازی‌ راگەیاندنی‌ شەهیدبوونەكەی‌ گوماناوی‌ بوو، وێنەیەكیان بڵاوكردەوە كە گوایە موسایە، بەڵام لە ڕاستیدا موسا نیە و ماوەیەك پێش شەڕی‌ كۆبانێ‌ شەهید كراوە". 

هەرێم نیگەرانی‌ خۆی‌ پیشان دەدات بەرامبەر ئەوەی‌ لەماوەكانی‌ رابردوودا فیلمێك بڵاوكراوەتەوە بەناوی‌ فیلمی‌ (كۆبانێ‌) كە باس لە شەڕی‌ داعش و شەڕڤانان دەكات لە كۆبانێ‌ و رۆڵی‌ موسا بە كەسێكی‌ كەم ئەزمون لە فلمەكەدا دەردەكەوێت.

ئەو دەڵێت" موسا یەكێكە بووە لە هەرە فەرماندەكانی‌ رۆژئاوا كە شكستی‌ بە داعش هێنا و توانیویەتی‌ لەو شەڕەدا سەركەوتن تۆمار بكات و ئەوەی‌ لەو فیلمە نیشاندەدرێت ناهەقیەكی‌ گەورەیە بەرامبەر قارەمانێتی‌ ئەو فەرماندەیە دەكرێت". 



PM:11:25:14/02/2023