عه‌بدوڵای مه‌لانوری: له‌سه‌ر پرسی به‌نزین، په‌رله‌مان رۆڵی نه‌رێنی بووه‌و راده‌کات له‌به‌رپرسیارێتی

په‌رله‌مانتاری پێشووی گۆڕان عه‌بدوڵای مه‌لا نوری له‌سه‌ر زیادکردنی نرخی به‌نزین له‌لایه‌ن‌ حکومه‌ته‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وه‌زه‌ ده‌گرێت و به‌ راکردن له‌ به‌رپرسیارێتی تۆمه‌تباریان ده‌کات و ده‌ڵێت" به‌گشتی په‌رله‌مان رۆڵی نه‌رێنی بووه‌".
عه‌بدوڵای مه‌لانوری له‌سه‌ر په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووک له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین کۆمێنتێکی نوسیوه‌و ده‌ڵێت" راستە دانانی نرخ زیاتر کارێکی تەنفیزیەو لە دەسەڵاتی حکومەتە، بەڵام بەرگریکردن لە بەرژوەندی گشتی و رێگری لە چەواسانەوەی خەڵک ئەرکی پەرلەمانتارانە، وا تا ئەوکاتەی حکومەت لە چوارچێوەی بەرژوەندی هاوڵاتیاندا کار بکات بۆ پەرلەمانتاران نیە دەستێوەردان لە کاروباری حکومەت بکەن، بەڵام کاتێک بریارەکانی حکومەت زیان لە بەرژوەندی هاولاتیان بدات ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە رێگری لە حکومەت بکەن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی خوولی پێشووی په‌رله‌مان ده‌ڵێت" دنانی نرخی 900 دینار بۆ هەر لیترێک بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت لەم دۆخە دژوارەدا بارگرانیەکی گەورە لە سەر شانی هاوڵاتیان دروست دەکات، وە ئەگەر حکومەت دەیەوێت لە رێگەی گرانکردنی نرخی بەنزینەوە باری لاری سەرشانی راست بکاتەوە، ئەوە غەدرەو لە خەڵک دەکرێت، ناکرێت هاوڵاتیان باجی بێ پلانی و کەمتەرەخمیەکانی رابردوی حکومەت بدەن".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "وا بونی دوو نرخی جیاواز بۆ هەرلیترێک بەنزین، 500 دینار بۆ ئۆتۆمبێلی گشتی و 900 دینار بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت ریگا خۆشکەرە بۆ دروستبونی بازاڕی رەش و گەندەڵی لە سەر حسابی خەلک".



AM:09:47:01/09/2014