هۆكاری دابەزینی خێرای نرخی دۆلار ئاشكرابوو


پێگەیەكی ئەمەریكی رایدەگەیەنێت، ماوەی هەفتەیەكە كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لە كڕینی دۆلار لە بازاڕی عێراق هەڵگرتووە.

پێگەی میدڵ ئێست ئای ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكی نوێدا رایگەیاندووە، ئێران كڕینی دۆلاری لەبازاڕی ڕەشی عێراق ڕاگرتووە، چونكە لەكڕینی هەر (ملیۆن) دۆلاردا ٤٠٠ هەزار زیانی كردووە.

ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوەكردووە، ئێرانیەكان هەفتەی ڕابردوو بڕیاریان داوە كڕینی دۆلار لەبازاڕی ڕەشی عێراق ڕابگرن، بەوهۆیەوە دۆلار بەخێرایی لەبازاڕەكانی عێراق دابەزیوە.

پێگەكە روونیكردۆتەوە، ئێرانیەكان هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەستدا نیە جگە لەڕاگرتنی كڕینی دۆلار، كە بەو هۆیەوە نیوەی پارەكانیان لەگۆڕینەوەی دراودا لەدەستداوە.

لەماوەی رابردوودا نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆوە بینی بەشێوەیەك نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٨ هەزار دینارەوە گەیشتە نزیكەی ١٧٥ هەزار دینار، بەڵام دوای كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمەریكا و عێراق وردە وردە نرخەكە بۆ ١٥٠ هەزار دینار دابەزیوە، پێشتریش ئێران تۆمەتبار دەكرا بەوەی بەهۆی كڕینی دۆلارەوە لە عێراق، نرخەكەی بەرز كردۆتەوە.



PM:04:04:07/04/2023