" پارتی و یەکێتی خۆیان دەیانەوێت کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا بە نهێنی بمێنێتەوە "( وێنەکان ببینە )


لەچەند رۆژی رابردوودا وەفدێکی بالآی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە هەولێر و سلێمانی بوون، سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی و میدیاکانی خۆیان، دەیانەوێت ئەو سەردانانە بشارنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند کە لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێکی بالآی وەزارەتی ئیتلاعات بە سەرۆکایەتی جێگری وەزیری ئیتلاعات کە ناوی ( لوتفی ) بووەو هەروەها بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەلآتی ناوەڕاست کە ناوی ( مەجیدی ) بووە سەردانی سەرەتا هەولێریان کردووەو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی بە جیا کۆبوونەتەوە.

دواتر سەردانی سلێمانیان کردووەو لەگەڵ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح بە جیا کۆبوونەتەوەو شەوێکیش لە ماڵی بەرهەم ساڵح  ماوەنەتەوە.

ئەوەی سەرنج دەدرێت میدیاکانی پارتی و یەکێتی و میدیا نزیکەکانیان، هیچ کامیان ئەم هەواڵانە بڵاوناکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیەی ماڵپەڕی ( سپی ) رایگەیاند کە کاتێک وەفدێکی ئەمەریکی یان رۆژئاوایی سەردانی کوردستان دەکەن، چەند رۆژێک پێش ئەوە لە میدیاکانیانەوە ریکلامی بۆ دەکرێت، بەلآم ئەم هەموو وەفدە باڵایەی ئێران سەردانی هەرێم دەکەن، کەچی ناکرێن بەهەواڵ و لە میدیاکان بڵاوناکرێنەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لایەنی ئێرانی دژی ئەوە نییە کە سەردانی ئەم وەفدانە بڵاوبکرێنەوە، بەلآم بە پێچەوانەوە میدیاکانی پارتی و یەکێتی ئەم سەردانانە بڵاوناکەنەوە، کەچی سەردانی وەفدەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بە زیادیشەوە بڵاودەکەنەوە.

سەرچاوەکە گەڕاندیەوە بۆ عەقڵی بچووکی سیاسی و میدیایی پارتی و یەکێتی، لە کاتێکدا هەواڵی وەفدی ئێرانی بڵاوناکەنەوە کە ئێران دراوسێیەکی هەمیشەیی هەرێمی کوردستانە، نەک رۆژئاوا.

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە ئەوە " هەڵەو سەهوێکی گەورەیە " گەر وا بزانن ئەو هەواڵانە بڵاونەکەنەوە، ئەوا ئەمەریکا و رۆژئاوا ئاگای لەم سەردانانە نییە و بێ زانیارییە، بەپێچەوانەوە رۆژئاواییەکان لە وردو درشتی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی ئاگادارن.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئامانجی سەردانەکەی وەفدی ئێران ئەم لینکە بکەرەوە.

چەند وێنەیەکی سەردانی ئەم دواییەی وەفدی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بۆ ناوچەکانی سلێمانی، وێنەکان لە هەژماری محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیستەوە وەرگیراوە.



PM:10:55:15/04/2023