لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا بارستە هەوایەکی گەرم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا یەكەم بارستە هەوای گەرم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند" ئەمڕۆ خێرایی با کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە مامناوەند بۆ چالاک دەبێت لە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژئاواوە بەخێرایی ١٥ تا ٣٠کم/ لە كاتژمێرێكدا و بەگشتی تا ڕۆژی پێنج شەممە ٤-٥-٢٠٢٣ پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەیەکی ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێت". 

دەشڵێت" لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی مانگ بەھۆی ھاتنی بارستە ھەوایەکی گەرم لە باکووری ئەفریقاوە بۆسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ناوچەکە پلەکانی گەرما بەراورد بەم ماوەیە ٦ تا ٨ پلەی سەدی لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەرزدەبنەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەنتەری پارێزگاکان بەرزترین پلەی گەرمی تا سنوری ٣٠ بۆ ٣٣ پلە و لە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک ٣٤ تا ٣٧ پلە بەرزدەبنەوە و ئەم بارستە ھەوا گەرمە ماوەکەی کورتخایەن دەبێت، واتە لە ٧ی مانگەوە جارێکی دیکە پلەکانی گەرما نزمبوونەوەیەکی کەم بە خۆیەوە دەبینێتەوە. 


PM:06:28:03/05/2023