كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرۆكی پەرلەمانیش رەتیدەكاتەوە


كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی كوردستان بڵاوكرایەوە ئەوەش بەمانای ئەوەیە لەڕووی "یاساییەوە دەبێت كاری پێبكرێت".

وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە "ژمارە (305)ی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە كە رۆژنامەی فەرمی هەرێمی كوردستانەو وەزارەتی داد دەریدەكات.، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2023 پەرلەمانی كوردستان بلاوكراوەتەوە تایبەت بە  بەردەوامبون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەك رێنمایی و بەیان".

ئەوەش لە كاتێكدایە رێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم كردووە كە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن "یاسایی نییە و كاری پێناكرێت".

جێی ئاماژەیە دوێنیً پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی كرد، بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پاشان رێواس فایەق، كۆبوونەوەكەی دواخست، بەڵام دواتر فراكسیۆنی پارتی رایەیاند كە بە دەنگی 58 پەرلەمانتار كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، فراكسیۆنی یەكێتیش ئەو قسەیە رەتدەكاتەوە.



PM:07:14:23/05/2023