ئەگەر حكومەتی هەرێم ببێتە "كاربەڕێكەر"، تەنها ئەم كارانە دەكات


شرۆڤەكارێكی سیاسی رایدەگەیەنێت، بەپێی شیكردنەوەكانی پێشووی دادگای فیدرای، ئەگەر حكومەت بووە كاربەڕێكەر، ئەوا تەنها دەسەڵاتی جێبەجێكردنی كاروباری رۆژانەی دەبێت.

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە فەرمی رایگەیاند، "بەپێی یاسای ژمارە ١ی ماددەی ٥١ی ساڵی ١٩٩٢، درێژ كردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نا دەستوورییە"، بەپێی ئەو بڕیارەش بێت، حكومەتی ئێستای هەرێم دەبێتە "كاربەڕێكەر".

یاسین تەها، رۆژنامەنووس و پسپۆری تایبەت بە كاروباری عێراق لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "بەگوێرەی ڕاڤەیەكی پێشووتری دادگای فیدراڵی بۆ دەستوور (64/أ) لە دوو حاڵەتدا حكومەت دەبێتە كار بەڕێكەر: یەكەم: وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، دووەم: هەڵوەشانەوەی پەرلەمان". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە هەر دوو بارەكەشدا حكومەت بۆ كاروباری ڕۆژانە بەردەوام دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی بەتایبەت ئەوانەی سروشتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییان هەیە، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانێت بڕیاری سیاسی و كاریگەری جومگەیی وەها بدات لێكەوتەی ئایندەیی هەبێت وەك؛ پێشنیاركردنی یاسا، قەرز كردن، دامەزراندنی پلە باڵاكان، بەخشین لە پۆستەكان و دەستكاری كردنی پەیكەر بەندی وەزارەت و فەرمانگەكان".



PM:09:50:30/05/2023