هەرێم مانگی داهاتوو لەم مانگە گەرمتر دەبێت


پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات پلەی گەرمای مانگی داهاتوو زۆر بەرزتربێت و هەندێک ناوچەی هەرێم بگاتە سەرو ٥٠ پلە.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " بەگوێرەی ئەو گۆڕانکاریانەی ھەیە پێشبینی دەکرێت مانگی داھاتوو بەراورد بەم مانگە پلەکانی گەرما لەھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا زیاتر بەرزببنەوە و گەرمتر ئەبێت".

لە پۆستەکەیدا دەشڵێت " ھەر لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ئەگەر ھەیە شەپۆلی بەھێزی گەرما ناوچەکە بگرێتەوە کە تیایدا لەناوچەکانی سنوری گەرمیان پلەی گەرمی بۆ ٥٠ پلەی سەدی یان زیاتر بەرزببێتەوە".

ئاراز جەبار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تا ئێستا و ماوەکانی رابردوو شەپۆلی زۆر بەھێز کاریگەری لەسەر ناوچەکانمان نەبووە بەڕاورد بە ساڵانی ڕابردووش باشتربووە سەرەرای ئەوەی جیھانیەن پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو لە وشکانی زەریاکاندا بەرزبوونەتەوە بەتایبەت لەم ماوەیەدا لە باکوری رۆژھەڵاتی زەریای ئەتڵەسی و ناوەراست و رۆژئاوای دەریای ناوەراست بەرادەیەکی نوێ گەرمبووە کە تۆمارەکانی پێشتری تێپەراندووە.

ئەو پسپۆرە دەشڵێت" ئەمەش کاریگەری ئەبێت لەسەر وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لەوڵاتانی ناوچەکەدا کە بەگەرمبوونی رووی دەریاکان نزمە پاڵەپەستۆکان زیاتر بەھێز و قوڵ ئەبنەوە بەم شێوەیەش شەپۆلی بەھێز و رووداوەکانی لافاو زیاددەکات لەگەڵ زیاتر دووبارەبوونەوەی باروودۆخە توندەکان لە بەرگەھەوادا زیاتر لە ھەر کاتێکی پێشتر ".



PM:11:19:24/07/2023