پارتی "هۆشداری" لە لاوازكردنی قەوارەی هەرێم دەدات


پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "پێویستمان بە هەماهەنگی زیاترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵی لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان".

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 77 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا رایگەیاندووە "هەلومەرجی كوردستان بە قۆناخێكی هەستیار و پڕ ئەركدا تێدەپەڕێت، كە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتییانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پارت و هێزە سیاسییەكان رۆڵی شیاوی خۆیان ببینن لە بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسییانەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێك كە بە ئامانجی لاوازكردنی قەوارەی هەرێم و پێشێلكردنی دەستوور لەئارادا بێت."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمی ژمارە 252ی ساڵی 2023ی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بە دیاریكردنی رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024 وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".

سبەینێ 16ئاب ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە ئێستا مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو حیزبەیە.



PM:07:39:15/08/2023