گوهدار زێباری سەرباری تەواوکردنی حوکمی دووەمی ئازاد نەکراوە


(گوهدار زێباری) کە یەکێکە لە گیراوەکانی بادینان دوای تەواوکردنی دوو حوکمی زیندانیکردنی، بڕیار بوو دوێنێ ١٦ ی ئاب ئازاد بکرێت، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئازاد نەکراوە.

ئامەد پیران، چالاكوانی بواری مەدەنی، كە وەكو هاوڕێی گوهدار لەهەولێر ئامادەبوو، بە میدیاکانی راگەیاندووە " بیانووی ئازاد نەبوونی گوهدار بەهۆی ئەوەوە بوو كە بەرێوبەری ئاسایشی هەولێر دوێنێ شەو بەشداری لە عیدمیلادی سەرۆكی پارتی كردووە، بەڵام هاوكات هەر دوێنێ شەو چەندین گیراو ئازادكراون و هیچ بیانوێك بۆ ئازاد بوونیان نەبووە".

دوێنێ شەو پارێزەران و کەسوکاری گوهدار زێباری هەوڵێانداوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری سازبکەن دژی ئازادنەکردنی گوهدار زێباری، بەڵام چەندان ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنیەكان لەپاركی شانەدەر لە هەولێر هەڵیان كوتیە سەریان و هەرەشەی ئەوەیان كردووە نابێ لەوبارەیەوە هیچ شتێك بڵێین.

ئەمرۆش پێنج شەممە کەسوکارو هاوڕێ و پارێزەرانی گوهدار زێباری لە هەولێر ماونەتەوە و چاوەرێ دەكەن، تاوەكو بزانین چارەنووسی ئەو گیراوەی بادینان چی لێدێت.

بەشدا حەسەن کە یەکێکە لە پارێزەرانی گیراوەکانی بادینان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی " دوای ئەوەی سزادراو (گوهدار زێباری) ماوەی زیندانیکردنەکەی تەواو کرد، وا بڕیار بوو دوێنێ ئازاد بکرێت. بەڵام بەهۆی هەبوونی دۆسیەیەکی تر لەسەری بەپێی ماددە ١٥ لە یاسای چەک، دووبارە راگیرایەوە. لەگەڵ تیمەکەمان، هەوڵەکانمان چڕ کردۆتەوە بۆ ئازادکردنی بریکاردارمان".

لە ١٥ی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی.

پێشتر كامەران سارمەمی، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان رایگەیاند، دوای تانەدان لە بڕیاری دادگا ماوەی سزاكەی گوهدار زێباری لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

وتیشی، "پێمانوایە كاریگەری لەسەر دادگا هەیە، دەبوایە سزای ئەو چالاكوانە بە پێبژاردن بوایە” نەك سزای زیندانیكرد و دوێنێش ماوەی زیندانیکردنی تەواو بوو".



PM:01:16:17/08/2023