وادەی ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ڕاگەیەندرا

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕایدەگەیەنێت" پێش ٢٥ی‌ ئەم مانگە له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ شایسته‌ داراییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ره‌وانە دەکرێت". 

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (بغداد یوم)ی راگەیاندووە" پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا و پێش ٢٥ی‌ ئەم مانگە حکومەتی فیدراڵ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی بۆ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی هەرێم بکات". 

وتیشی" پێویستە حکومەتی عێراق بۆ مانگەکانی تەمموز و ئاب مووچەی فەرمانبەران بنێرێت و نابێت هەرێم وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت". 

لە سەرەتای ئەم مانگەدا حکومەتی فیدراڵ بڕی (٥٩٨) ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم کرد، پاشان حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران کرد.


AM:09:30:22/08/2023