ژمارەیەک قوتابخانە لە سلێمانی بایکۆتیان شکاند

ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی سڵیمانی دەوامی قوتابیانیان دەستپێکردۆتەوە، بە تایبەتی بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢ی  ئامادەیی تا لە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دوا نەکەون. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ پەیامنێری سپی لە سڵێمانی رایگەیاند" بەشێک لە قوتابخانەکان لە سلێمانی خوێندنیان دەستیپێکردووەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە پۆلی ١٢ی  ئامادەییدا دەخوێنن تا لە پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ دوانەکەون". 
 
بەریوەبەڕی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەردەوام لە کۆبوونەوە دایە لەگەڵ بەرێوەبەرانی قوتابخانەکان تا پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دوا نەکەوێت. 

لە لایەکیترەوە تا ئێستا مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامن لەسەر بایکۆتکردنی پۆلەکانی خوێندن.
  
١٣ئەیلوول ساڵی ٢٠٢٣ وەرزی  نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە  مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و هۆلەکانی خوێندنیان داخست و وتیان تا داواکارییەکان کە بریتی بوون لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبیژ و وەرگرتنی مووچەکانیان بەتەواوەتی، ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن. 
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠هەزار قوتابی هەن، بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی ٧٠٠ هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی ٪٤٠ی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە. 
 
 
 



PM:02:33:16/10/2023