بانکی ناوەندی هۆکاری بەرزبوونی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری عێراق و وەزری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران لەسەر پرسی بهای دینار  کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٧ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری کۆبووەوە و پرسی ناجێگری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار تاوتوێکرا.

وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە" لە کۆبوونەوەکەدا عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە زۆر هۆکار هەن کە کاریگەرییان لەسەر بەهای دینار هەیە بەرامبەر بە دۆلار، لەوانە دزەکردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ و کۆنتڕۆڵ نەکردنی تەواوی دەروازە سنوورییەکان و بەقاچاخبردن".

عەلی عەللاق ئەوەشی راگەیاند" یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە کە کاریگەرییان لەسەر بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هەیە، مامەڵەی نێوخۆیی دراوە لە بازاڕدا". 

بانکی ناوەندیی عێراق، ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢ هەزار دینار دەفرۆشێت ، لەکاتێکدا بەهاکەی لە بازاڕدا لە ١٦٠ هەزار هەندێک جار بەرزتریش نزیک دەبێتەوە.



PM:07:10:17/10/2023