وادەی ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو عێراق ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ڕەوانەی هەرێم بکرێت". 
 
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە" سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد ئەنجامی باشی دەبێت و بەمنزیکانە گرفتە داراییەکان چارەسەر دەکرێن". 
 
وتیشی" هەرێمی کوردستان تەواوی ئەو زانیارییانەی کە لێی داواکرابوون بە وردی بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراقی ئامادەی کردووە و ئێستا هیچ شتێکی ناڕوون نەماوە و هەمووان بەرچاو ڕوونییان هەیە". 
 
ئەوەشی خستەڕوو، هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم ناردنی پشکێکی دیکەی قەرز بۆ هەرێم نییە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغداد ٧٠٠ ملیار دینار دەنێرێت بۆ هەرێم. 

دوێنێ چوارشەممە هەردوو وەزیرى دارایی هەرێم و حکومەتى فیدراڵ لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پشکى هەرێم و خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى و رادەستکردنى داهاتەکان.


AM:12:02:19/10/2023