لەبارەی مووچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" پێدانی قەرزی دیكە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەوێت". 

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" پێدانی قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یاخود پەسەندكردنی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە و بەبێ بڕیار ناتوانێت پارە بۆ هەرێم رەوانە بكرێت، بەڵام بۆ ئەوەش دەبێت بەر لە تەواوبوونی ساڵی دارایی کە ٢٥ی ١٢ی ئەمساڵ دیاریكراوە یەكلابكرێتەوە و هیچ بڕە پارەیەك خەرجنەكرێت، چونكە پاكتاویی دارایی ساڵ دەكرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بڕیاری ناردنی قەرز بدرێت دەتوانرێت قەرزی یەك مانگ رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت و ئەوانەی دیكەش لە دوای سەری ساڵی نوێوە بڕیاری لەسەر بدرێت. 

هەفتەی ڕابردووش مەسرور بارزانی لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆك وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد كە ئەو سێ مانگەی ماوە بۆ مووچەی هەرێم بە هەر میكانیزمێك بنێردرێت. 


PM:04:05:10/11/2023