پارتی و یەکێتی: هەر رێکەوتنێک لەگەڵ بەغدا بکرێت پشتیوانی لێدەکەین

بەیانی ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ وەفدێکی یەکێتی لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و رایانگەیاند" هەر ریکەوتنێک لەگەڵ بەغدا بکرێت پشتیوانی  لێدەکەین". هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو بوو کە لەسەر ئاستی باڵای یەکێتی و پارتی لەپیرمام بەڕێوەچوو.

لەپاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی رایگەیاند "ئەرکمانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین و هەوڵەکانمان زیاتر بخەینە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت، پشتیوانی لێدەکەین". 
  

وتەبێژی یەکێتی لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن وتی" پارتی و یەکێتی ئەرکیانە لەڕێگەی حکومەتەوە بەزووترین کات کێشەی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکەن و هەوڵبدرێت لەداهاتویەکی نزیکدا دەرگای خوێندنگەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە بکرێنەوە". 
 
هەرودووکلا ئاماژەیان بەوەدا کە بارودۆخی هەرێم دەخوازێت کە یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە، چونکە هەردوولا بەرپرسیاریەتییان لەسەر شانە".

پێشتریش ماڵپەڕی " سپی "  بڵاویکردبووە کە یەکێتی لە دوای کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیانەوە لە هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی، هەرچی پارتیشە لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆیدا جەختی لەسەر چاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی هەرێم کردۆتەوە و چەند کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی لە هەولێر بەڕێوەچووە.


 



PM:12:28:12/11/2023