حكومەت لە بڕیاری بە كرێدانی شەقامەكان پاشگەزبووەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەنگۆی وەرگرتنی پارە بەرامبەر وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە گشتییەكان ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، "ئەو بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

بەپێی هەواڵێك، كە لە میدیاكان بڵاوكرایەوە، لەمەودوا بۆ هەر کاتژمێرێک وەستانی ئۆتۆمبێل لە شەقامی ٦٠ مەتریی هەولێر، ٥٠٠ دینار لە شۆفێران وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار و شەقام و جەنجاڵی هاتووچۆ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی ٦٠ مەتری لە هەولێر بابەتێكی دراسە كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


دەقی ڕاگەیاندراوەکەی 
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم :

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، بۆ ڕێكخستنەوەی شارو شەقام و جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر كەوانەیەكی شەقامی شەست مەتری لە هەولێر، بابەتێكی دراسە كردووە، بەمەبەستی زانینی كاریگەرییەكان، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیكردنەوەیەو لە چوارچێوەی دیراسەتكردنەو ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.








PM:04:50:13/11/2023