بەریتانیا بڕیاری ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا بە نایاسایی لە قەڵەمدا

دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا بە نایاسایی لە قەڵەمدا و وەک پێشێلکردنێکی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ناوی دەبات، پێشتریش لە مانگی حوزەیران، دادگای تێهەڵچونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا بە نایاسایی ناساند و رایگەیاند"رواندا بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە".

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣،  میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە "دادگای باڵای بەریتانیا سیاسەتی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا بە نایاسایی ناوبرد و ئەمەش وەک زەبرێکی گەورە بۆ حیزبی پارێزگارانی ئەو وڵاتە وەسفکراوە کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکەن.

یەکێک لە دادوەرەکان بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە"وەرگرتنی پەنابەران لە رواندا مانای وایە کە دەکرێت ئەو پەنابەرانە بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و بەمەش روبەڕوی توندوتیژی ببنەوە و ئەمەش پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە".

ئەم دادوەرە ئاماژەی بەوەشدا، دادگا پشتیوانی لە بڕیارێکی پێشوتری دادگای پێداچونەوە دەکات و ئەنجامی دادگای پێداچونەوەی بەریتانیایان قبوڵکردوە و دادگا هاوڕا بوە لەگەڵ ئەنجامەکان.

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، بڕیاربوو هەر پەنابەرێک لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ بەشێوەی نایاسایی چوبێتە وڵاتی بەریتانیا، رەوانەی رواندا بکرێت، ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە و لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکانی بەریتانیا چڕببونەوە، بەڵام رێگریی لێکراو و ئێستاش ئەو بڕیارە بە نایاسایی ناسێنرا.






PM:04:04:15/11/2023