مه‌سعود حه‌یده‌ر دوای‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌: پابەندى یاساین

مەسعود حەیدەر لەبارەی لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانیەوە یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پابەندی یاساین". 

مەسعود حەیدەر بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە لاپەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" بەپێی ماددەی (٧١)ی یاسای بوودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لەبەرواری ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣  ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و ئەو پۆستانە بەکاربێنن". 

دەشڵێت" ئێمەش پابەندی یاساین و کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان". 

پەیامەکەی مەسعود حەیدەر لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو نوسراوێكی وەزارەتى دارايى عێراق كە ئیمزای تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی لەسەربوو بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتبوو" ئەو دەسەڵاتەی دراوەتە مەسعود حەیدەر بریكاری وەزارەتی دارایی ڕەتدەکرێتەوە و سەرجەم دەسەڵاتەکانیشی گەڕێنراوەتەوە بۆ وەزیرى دارایی". 


PM:02:33:02/12/2023