"ساڵێکی تریش بایکۆت بەردەوام بێت، داواکانتان وەک ئەتانەوێ جێبەجێ ناکرێت"

وەزیری پێشووتری پەروەردەی هەرێم پەیامێک ئاڕاستەی مامۆستایانی نارازی دەکات و دەڵێت" نەک ئەم وەرزەی تر ساڵێکی تریش بایکۆت بەردەوام بێت، داواکانتان وەک ئەتانەوێ جێبەجێ ناکرێت". 

دڵشاد عەبدولرەحمان وەزیری پێشووتری پەروەردەی هەرێم لە پشكی یەكێتی، لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (خۆزگە هەڵەبم)، ڕایگەیاندووە" سەرەتا دەمەوێ بڵێم سەداسەد لەگەڵ داوا ڕەواکانتانم، وەلێ لەبەرئەوەی مناڵی زۆربەی زۆری خاوەن دەسەڵات و ئەوانەش کە کاریگەریان لەسەر دروستکردنی بڕیار لە هەرێم هەیە، نە منداڵی خۆیان نەنەوەکانیان لە قوتابخانە داخراوەکانی ئێوە ناخوێنن".

دەشڵێت" نەک ئەم وەرزەی تر ساڵێکی تریش بایکۆت بەردەوام بێت، داواکانتان وەک ئەتانەوێ جێبەجێ ناکرێ، هەر لەبەرئەوەشە درێژەدان بە یایکۆت تەنیاو تەنیا زیانی منداڵەکانی خۆتان و خەڵکە ئاساییە بێ چارەکەی لەدوایە، خۆزگە من هەڵەبم و سەرجەم داواڕەواکانتان جێبەجێ بکرێ". 

دوای بڵاوکردنەوەی ساڵنامەی نوێی خوێندن لەلایەن پەروەردەی هەرێمەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەرگای چەند قوتابخانەیەک کرانەوە و چەند قوتابخانەیەکی دیکەش بە داخراوی مانەوە و مامۆستایانی نارازی بەردەوامن لە بایکۆت. 


PM:01:26:09/01/2024