خێزانی مامۆستا جیهان تەها ئەو ئافرەتەی لەناو ئۆتۆمبیلەکەی لە ناوچەی بارزاندا سووتا، رایدهگهیهنن" كچەمان تیرۆركراوهو، مردنەکەی خۆكوژی نییە".
خێزانی جیهان تەها لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویانکردەوە رایانگەیاند" مامۆستا جیهان تەها کە لەهەولێر دەژی لەماوەی ڕابردوو لەسێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لەدەسەڵاتو وەزارەتی پەروەردە گرتوە لەکەمتەرخەمیو بەداوانەچونی داواکاریەکانی وانەبێژان. لەبەرئەم هۆکارانەیە کە لەتاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لەسنوری هەولێرو بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهانو خەڵکی کوردستانو تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرتاسهری جیهان".
جیهان تەها مامۆستای وانەبێژ تەمەنی 35 ساڵ بوو یەکێکبوە لەو مامۆستایانی ناڕازیی لەبەرواری ٢٦ی 10ی 2023 لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا لەناوچەی بارزان سووتا و گیانی لە دەستدا.
دەقی راگەیاندنی خێزانی جیهان هاشم :
بەیاننامەیەک لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها
بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکوردستان
تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکوردستان
هەروەک هەمولایەک ئاگادارن ڕۆژی 26ی 10ی 2023 هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان تەهای دانیشتوی هەولێر لەکوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بەڕوداوێکی هاتوچۆی گوماناوی، هاوکات لەفەیسبوکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوەدەکرد، خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابێت.
هەرلەسەرەتاوە ئەم ڕوداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لەساڵانی ڕابردوو ڕوداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدانو زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسانو ئازادیخوازان لەسنوری هەولێرو بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبوە.
بەجۆرێک کەئازادی ڕادەربڕین، ڕەخنەگرتن لەدەسەڵاتو حکومەتو بەرپرسان هەروەها چالاکیو خۆپیشاندان بۆ داواکردنی ماف بەهەموو شێوەیەک سنوردارو قەدەغەکراو بوە، بۆ نمونە ڕفاندنو تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، تیرۆرکردنی وەدات حسێن، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا هۆشیار ئیسماعیل، زیندانیکردنی شێروان شێروانی، گوهدار زێباریو قارەمان شوکریو تەواوی زیندانیانی تری بادینان.
لەمدواییانەش ڕێگریکردن لەچالاکیو خۆپیشاندانی مامۆستایانو وانەبێژان لەسنوری هەولێر دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند هەفتەیەک دوای ڕوداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیهان بەبیانوی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژانو مامۆستایان لەسنوری سلێمانیو دەوروبەری کە لەژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیەو هیچ ڕێگریەک لەخەڵک نەکراوە.
شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیهان تەها کە لەهەولێر دەژی لەماوەی ڕابردوو لەسێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لەدەسەڵاتو وەزارەتی پەروەردە گرتوە لەکەمتەرخەمیو بەداوانەچونی داواکاریەکانی وانەبێژان. لەبەرئەم هۆکارانەیە کە لەتاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لەسنوری هەولێرو بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهانو خەڵکی کوردستانو تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرتاسهری جیهان.
هەندێ لەو بەڵگانەی کەدەیسەلمێنن کە مامۆستا جیهان تیرۆرکراوە:
1. جیهان شۆفێرێکی باش نیە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار ، کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بەتەکسی چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، وە ئەو ڕێگایەی کە جیهان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوارو یەک سایدە، پێچانەوەو شاخو داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کەپێشتر شوێنی ڕوداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەختو دژوارە بگرێتەبەر کە پێشوتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێتو بۆی نەڕۆیشتبێ لەکاتێکدا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لەهەولێر ئەوکارە ئەنجامبدات یان چەندەها ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.
2. جیهان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاساییو بەڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردوە، بۆ نمونە دەوامی خوێندنگه، وەرگرتنی موچە، بازاڕیکردن، پەیوهندیی لەگەڵ کەسوکارو دۆستو هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینینو ئەنجامدانی هەندێ کاری گرنگو پێویست لەڕۆژەکانی دواتردا.
هەر لەهەمان ڕۆژ کاتژمێر 2:06ی دوانیوەڕۆ پەیوەندیی لەگەڵ برایەکەی هەبوەو بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتوە، بەڵام لەکاتژمێر 4:10ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوەو لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لەژێر هەڕەشەو فشار قسەدەکات.
3. بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچووکی مامۆستا جیهان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کەبەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە هەروەک لەوێنە و ڤیدیۆیەکان دا دەردەکەوێت. هەروەها وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت وپاشان سوتێنرابێت.
4. لەهەمووی سەیرتر شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلەو بارزان ،ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لەلوتکەکانی حوکمڕانی دان تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەس و کاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن، نەخۆشخانەو دادگاو بنکەی پۆلیسو تەواوی کەلوپەلەکانی مامۆستا جیهان کەپەیوەندی بە ڕوداوەکەوە هەیە هەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.
5. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار هاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان هێناوە. وە دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە ، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە.
6. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیهان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بەبەرنامە وپلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە ، دەشوترێت کە مامۆستا جیهان دەستێکی شکاوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.
7. بەرگری شارستانی سۆران(حریق) سەرەتا ڕایانگەیاند کەئەم ڕوداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتوون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس کە ئەویش مامۆستا جیهانە، هاوکات دەیان پەیجی تریش هەمان هەواڵیان بڵاوکردەوەکە قوربانیانی ئەو ڕوداوە لەیەک کەس زیاترە.
8. بەو پێیەی مامۆستا جیهان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەهێزەو هیوابەخشە، خاوەن کۆمەڵێ هیوا و ئاواتی خۆی بووە. هەروەها هەمیشە هانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێهیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان. لەهەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرهات و کە گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە. لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لەکەسایەتی مامۆستا جیهان.
9. مامۆستا جیهان زانیویەتی کە هەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت ، وە خۆشی بە پێ ی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەیو دڵی خۆش بووە بەم هەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی ووتوە کە هەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە ڕۆژی ئاهەنگەکە دەپۆشین.
10. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات،گرنگی نەدان و بەدەمەوچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی ڕوداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.
ئێمە وەک خانەوادەی مامۆستا جیهان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان هەیە کە بەدوا داچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیهان کە لە شاری هەولێر لە کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.