زانکۆی سلێمانی بووە ئەندامی تۆڕی کاریگەری ئەکادیمی نەتەوەیەکگرتووەکان

زانکۆی سلێمانی بووە ئەندامی تۆڕی کاریگەری ئەکادیمی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ١٦٠٠ دامەزراوەی ئەکادیمی لە کۆی ١٥٠ وڵات لە سەرتاسەری جیهاندا لە خۆدەگرێت.

زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ڕۆژی ٢١ی ئازاری ٢٠٢٤دا، زانکۆی سلێمانی بە فەرمی بووە ئەندامی تۆڕی کاریگەری ئەکادیمی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ١٦٠٠ دامەزراوەی ئەکادیمی لە کۆی ١٥٠ وڵات لە سەرتاسەری جیهاندا لە خۆدەگرێت". 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" کاریگەری ئەکادیمی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەکی جیهانییە و هانی زانکۆکان دەدات پێکەوە کار بۆ ئامانجە درێژخایەنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن، لە ڕێی ئەندامێتی لەم تۆڕەدا، زانکۆی سلێمانی دەتوانێت سوود لەو ۆرکشۆپ و بەرنامەی راهێنانانە وەربگرێت کە پەیوەستن بە ئامانجەکان، جگە لەوەش زانکۆی سلێمانی (ئامرازێکی ئۆنلاین)ی دەخرێتە بەردەست کە هاوکاریی زانکۆ دەکات لە چۆنیەتی کارکردنی لەسەر ئامانجەکان و لەمەودا زانکۆی سلێمانی دەشتوانێت بابەت دەربارەی ئامانجەکان لە ماڵپەڕی UNAIدا بڵاوبکاتەوە". 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی لەناو و دەرەوەی زانکۆدا، لە ئێستادا زانکۆی سلێمانی سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر ئامانجەکان و کاریش بۆ بەدیهێنانیان دەکات.


PM:04:37:23/03/2024