بارزانی: دادگای فیدراڵی بە ئەجێندای دەرەکی دەستکاری یاسای هەڵبژردنی کردووە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی جارێکی تر هێرش دەکاتە سەر دادگای فیدراڵی عێراق و بڕیارەکانی بە" دەستکاری دەرەوە" تۆمەتبار دەکات.  

لە راگەیاندنێکی بارەگای بارزانیدا کە ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بڵاوکرایەوە، هاتووە "ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگای فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت."

 راگه‌یه‌ندراوەکەدا هاتووە " ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین، بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت."

مەسعود بارزانی بە باڵیۆزی بەریتانیای وتووە کە پارتی ناچێتە ژێرباری بڕیاری "نادەستووری" دادگای فیدڕاڵی عێراق پەیوەست بە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و دادگاکەی بەوە تۆمەتبار کردووە " گوایە خۆی خستووەتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن".

لە راگه‌یه‌ندراوەکەی باره‌گای بارزانی هاتووە کە باڵیۆزی بەریتانیا بە سەرۆکی پارتی وتووە، "لە نیگەرانییەكانتان تێ دەگەین و بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەشدار و هاوكار بن بۆ چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد."

دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی ٢١ ی شوباتی ٢٠٢٤ سکاڵایەکی یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم لە بەرژەوەندی فراکسیۆنی یەکێتی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە و سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی بەسەر چوار بازنەدا دابەشکرد و کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە..



PM:08:18:27/03/2024