ڕۆژی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاریكرا

پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی فەلەكناسی و جیۆفیزیكی لە میسر یەكەم ڕۆژی مانگی زیلحیجە دیاری دەكات و ڕایدەگەیەنێت'' ١٥ی حوزەیران دەبێتە ڕۆژی وەستانی حاجییان لە عەرەفە و ڕۆژی یەك شەممە دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵ''.

د. تەها ڕابح، سەرۆكی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی فەلەكناسی و جیۆفیزیكی لە میسر ڕایگەیاندووە'' سەرەتای مانگی زیلقیعدەی ساڵی ١٤٤٥ی كۆچی، لە ڕووی فەلەكییەوە هاوكات دەبێت لەگەڵ ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو (٩ی ئایاری ٢٠٢٤) و بەوەش مانگی زیلقیعدە ٢٩ ڕۆژ دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە'' هیلالی مانگی نوێ (زیلحیجە) بۆ ماوەی ٣١ خولەك دوای ڕۆژئاوابوون لە مەككە دەمێنێتەوە، هەروەها لە قاهیرە بۆ ماوەی ٣٨ خولەك، لە شارەكانی تری وڵاتانی عەرەبی، مانگی نوێ بۆ ماوەی نێوان ٣٢-٤٠ خولەك دەبینرێت.

ئاشكراشی كردووە، سەرەتای مانگی زیلحیجەی ساڵی ١٤٤٥ی كۆچی لە ڕووی فەلەكییەوە دیارە یەكەم ڕۆژی ٧ی حوزەیران دەبێت و بەوەش دەتوانرێت جەژنی قوربان دیاری بكرێ‌.

سەرۆكی پەیمانگەی نیشتمانی ڕوونیشی كردۆتەوە، پێویستە مسوڵمانان بزانن ڕۆژی وەستانی حاجییان لە عەرەفات لە ڕووی فەلەكییەوە ڕۆژی شەممە ١٥ـی حوزەیران (٩ی زیلحیجە) دەبێت و ڕۆژی یەك شەممە ١٦ی حوزەیران (١٠ی زیلحیجە) دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە ڕووی فەلەكییەوە.


PM:07:45:04/05/2024